چەند زانیارییەک بۆ ئەندازیاری تازە تەخەروج "ئەندازیاری شارستانی".

نوسینی ڕابەر حەمە فەریق

* ماوەی چەند ساڵم پێویستە بۆ شارەزابوون لە کارە ئەندازیارییەکان؟

- لەبەر ئەوەی لە کاری ئەندازیاریدا مامەڵە لەگەڵ ئاو، خاک، پلەی گەرمی .... هتد. ئەکرێت بۆیە هەمیشە ئەندازیار لە هەر کارێک ئەزمونێکی نوێ وەرئەگرێت، بەڵام ئەزموونی زەروری کە ئەتوانین بڵێین ئەو ماوە زەمەنیەیی کە ئەندازیارێکی تازە پێویستی پێیەتی بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر چۆنیەتی کارکردن و ئەو کەرەستانەی کە بەکاردێن لە کاری ئەندازیاریدا بەنزیکەیی ٤ ساڵە.

* کاری ئێستەم هیچ پەیوەندی بە بواری ئەندازیارییوە نییە؟

- بۆ ئەوەی ببیت بە ئەندازیارێکی سەرکەوتوو تەنها ئەزموونی کاری ئەندازیاری بەس نییە، بەڵکو بابەتەکانی وەک: بەڕێوەبردن، پلاندانان، ژمێریاری، مامەڵەکردن،....هتد. زۆر گرنگن کە زۆربەی جار ئەم ئەزمونانە لە کاری ئەندازیاری بە ئاسانی دەست ناکەوێت، بۆیە ڕەنگە کاری ئێستەت دەرفەتێکی باشبێت بۆ وەرگرتنی ئەم ئەزمونانە.

* ئەزمونی ئەندازیاریم کەمە بۆیە ناتوانم ببمە خاوەن کار لە بوارەکەم؟

- ئەندازیاران هەمیشە کەمی ئەزمون ئەکەن بە بیانوو بەڵام ئەگەر سەرەنجی ژمارەی ئەو مقاول و خاوەن کارانە بدەیت کە بەشێکی زۆریان نەک هەر ئەندازیار نین بەڵکو شارەزاییەکی زۆر کەمیان هەیە لەو بوارەیا ئەوا تێئەگەیت کە نەبونی ئەزمون چەند بیانویەکی بێ بنەمایە، ئەکرێت هەنێ جار بابەتی مادی کاریگەری گەورەی هەبێت بەڵام بە بڕوای من هۆکاری سەرەکی ئەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئەو ئەزمونانەی کە لە وەڵامی پرسیاری پێشوو باسکراوە.

*چۆن بتوانم متمانە بە تواناکانی خۆم بکەم لەکاتی کارکردن لەگەڵ ئەندازیارە بە ئەزموونەکان لە پێگەی کاردا؟

- پێویستە بزانرێت هەموو کەس خاڵی لاواز و بە هێزی هەیە، ڕاستە تۆ ئەزمونت نییە بەڵام ئەتوانی بەهۆی دەستکەوتنی شارەزاییەکی باش لە بەرنامە ئەندازیارییەکان یان زمانی ئینگلیزی یان بەڕێوەبردنی پرۆژە یان لایەنی سەلامەتی هاوسەنگی ئەو دۆخە بکەیت کە تێیدا کارئەکەیت، چونکە زۆر جار ئەندازیارە بە ئەزمونەکان هەمان دەرفەتی تۆیان نەبووە بۆ فێربونی ئەو شتانە. 

* چ بابەتێک بخوێنمەوە کە یارمەتیدەرە بۆ شارەزابوون لە کارە ئەندازیارییەکان؟

- هەموو بابەتێکی ئەندازیاری گرنگن بۆ ئەندازیار بەڵام بەرنامە ڕێژی و پۆڵێنکردنی ئەو زانیارییانەی کە پێویستن زۆرتر گرنگن، بۆ نمونە تۆ وەڵامی دوو پرسیار نازانیت لە کاتی کارکردندا:
یەکەم: کۆنکریتی جۆری  C35 چییە؟
دووەم: لە بەرنامەی ئیتاب فاکتەری بومەلەرزە پێویستە چەند بێت؟
بە دڵنییایەوە بۆ ئەندازیارێکی تازە وەڵامی پرسیاری یەکەم پێویسترە چونکە گریمانەی ڕوبەڕوبونەوەی لە پێگەی کار زیاترە.

Comments